وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ وەفدێکی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عیراق كۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکرد، تا كۆتایی ئەمساڵ داواكارییە نوێیەكانی بەغداد جێبەجێدەكەن.

وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویكردەوە، ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەفدێکی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عێراق كرد، كە ماوەی دوو رۆژە بەسەردانێكی رەسمی لە هەرێمی كوردستانن.

وەزیری دارایی رایگەیاند، لە پێناو چارەسەركردنی سەرجەم كێشە تەكنیكیەكانی تایبەت بە موچە و جێبەجێكردنی داواكارییە نوێیەكانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر رێكخستنەوەی راپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێركاری و گەنجینەكان و سەرجەم یەكە ژمێریاریەكان راسپێردراون لە ماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا سەرجەم كارەكان تەواو بكەن.

لای خۆشیانەوە تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، وەك یەك تیم لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێركاری لە وەزارەتی دارایی كاردەكەن بۆ ئەوەی لەو ماوەی بۆیان دیاریكراوە كارەكان بەسەركەوتویی تەواو بكەن.