ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پرۆژەكەی قوباد تاڵەبانی كردە بنەما بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بڕیاریدا بایۆمەتری بكاتە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبونەوەیەكدا كە بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بەڕێوەچووە، بڕیاردراوە بایۆمەتری بكرێتە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان، بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران.

دەشڵێت، لەكاتی خۆتۆماركردن لە بایۆمەتری و پلەبەرزكردنەوە یەكجار ١٪ـی موچەی بنەڕەتی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەبڕدرێت و دەدرێتە وەزارەتی پلاندانانی عیراق.

بەپێی بڕیارەكە، پێویستە حكومەتی هەرێم سەرجەم زانیارییەكان لەو بارەیەوە رادەستی وەزارەتی پلاندانان بكات تا لەمساڵدا سەرجەم رێوشوێنەكان لەو بارەیەوە تەواوبكرێن.

پڕۆژەی تۆماركردنی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆران لە بایۆمەتری كە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە ئامادەكرا، بۆ یەكەمجار لەساڵی ٢٠١٦ و لەكابینەی هەشتەمدا خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.