وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: ئاگربەستی نێوان هەسەدە و توركیا لە مەنبج درێژكرایەوە
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەمریكا درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوان هەسەدە و توركیای لە مەنبج راگەیاند و دەڵێت، ئاگربەستەكە تاكو كۆتایی ئەم هەفتەیە درێژكراوەتەوە.
ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان هەسەدە و توركیا لە مەنبج، بە نێوەندگیری ئەمریكا تاكو كۆتایی ئەم هەفتەیە درێژكراوەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا لە گفتوگۆدان تایبەت بە دۆخی باكووری سوریا و لە نیگەرانییەكانی ئەو وڵاتە لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆرەوە تێدەگەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشدا، نیگەرانییەكانی ئەوان تەنها كۆبانێ نییە بەڵكو تەواوی سوریایە و وتیشی، دەیانەوێت حكومەتێكی نیشتمانی لە سوریا پێكبهێنرێت، كە نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتەكان بكات.
رۆژی ١٢ـی ئەم مانگە، بە نێوەندگیری ئەمریكا ئاگربەست لە نێوان هەسەدە و توركیا لە مەنبج راگەیەندرا بۆ ماوەی چوار رۆژ، بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەت بۆ جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنە مرۆیی و ئەمنییەكان.