هەسەدە كوژرانی زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی گروپە چەكدارەكانی راگەیاند
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەهۆی بۆردومانی توركیاوە بەنداوی تشرین لە سنووری مەنبەج لەكاركردن وەستا، هەسەدەش كوژرانی زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی گروپە چەكدارەكانی راگەیاند، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستانیش داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات دژی هێرش و بۆردومانی توركیا بوەستێتەوە.
میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، بەهۆی بۆردومانی سوپای توركیاوە بەنداوی تشرین لە مەنبج لەكاركردن وەستا، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر بەنداوەكە پێكدادانی قورس لەنێوان هەسەدە و گروپەكانی سەر بە توركیا بەردەوامە.
ئاماژە بەوەشكراوە، شەڕڤانانی هەسەدە لە پردی قەرەقۆزاخی سەر بە كانتۆنی فورات فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیایان خستۆتەخوارە، زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی گروپە چەكدارەكان كوژراون.
"سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی لایەنگری خۆی، لە دوێنێوە هێرشەكانیان بۆ سەر دەوروبەری پردی قەرەقۆزاخی كانتۆنی فورات و كۆبانێ و مەنبج چڕكردووەتەوە و بە پشتیوانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هەوڵیانداوە لە پردەكە بپەڕنەوە، بەڵام شەڕڤانان گورزی قورسیان لێوەشاندوون".
هاوكات ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەنراوێكدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە كاریگەرەكانی توركیا دەكات، هەڵوێستێكی توند بەرانبەر هێرشەكانی توركیا رابگەیەنن و كاربكەن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان دژی هێرشەكانی توركیا كە هەرەشە لە ئاسایشی ناوچەكە دەكات.
ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان جەختیشدەكاتەوە لەسەر بەرگریكردن لە خاك و هاووڵاتیان و رووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی توركیا.