نەتەوەیەكگرتووەكان: دەرهێنانی تەحریر شام لە لیستی تیرۆر ئەگەرێكی بەهێزە
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان لە سوریا دەڵێت، دەرهێنانی تەحریر شام لە لیستی تیرۆر ئەگەرێكی بەهێزە، روسیاش بە نیازە تاڵیبان لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت.
گیر پیترسۆن، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ سوریا رایگەیاند، تەحریر شام لە بەدەستەوەگرتنی دیمەشقی پایتەخت بە تەنها نییە و گروپی چەكداریی هاوشێوەی ئەو هەیە بەڵام ئەگەری بەهێز هەیە ئەو گروپە لە لیستی تیرۆر لابرێت.
وتیشی، پێویستە جیهان دوای نۆ ساڵ پێداچونەوە بە هێنانەدەرەوەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆر بكات چونگە ئەو گروپە هەنگاوی باشی ناوە بۆ دەرهێنانی لە لیستی تیرۆر.
نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان ئاماژەی بەوەش كردوە، كە ئەگەر زۆربەی پێكهاتەكان لە حكومەتی داهاتوی سوریادا بەشدارییان پێنەكرێت ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ لە ناو گروپە چەكدارییەكاندا پەرەدەستێنێت.
هاوكات، ئاژانسی ئینتەر فاكسی روسی بڵاویكردەوە، روسیا نزیكە لەوەی دان بە حكومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بنێت و ئەو گروپە لە لیستی تیرۆر لاببات و ئەنجومەنی دۆماش پاڵپشتی ئەو هەنگاوە دەكات.