ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لە ٦٠٪ بەرز دەكاتەوە
زاهیر
٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد دەكات و هەواڵگریی ئەمریكاش ئاشكرایدەكات، تاران توانای دروستكردنی زیاتر لە ١٠ بۆمبی ئەتۆمیی هەیە.
رافایل گروسی بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەشێوەیەكی خێرا بەرزكردوەتەوەو ئاستی ٦٠٪ی تێپەڕاندووە.
دەشڵێت، ئەگەر ئێران بەوشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوەی وڵاتەكە حەوت بۆ هەشت هێندە زیاد دەكات.
نوسینگەی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریكاش لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشكرایكردوە، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران زۆر خێراتر بووە و ئەگەر ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو وڵاتە بەو خێرایە بەردەوام بێت ئەوا توانای دروستكردنی ١٢ بۆمبی ئەتۆمیی دەبێت.
دەشڵێت، ئێران ئێستا ناتوانێت بۆمبی ئەتۆمیی دروست بكات، بەڵام ئەو هەنگاوانەی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەیدا جێبەجێی دەكات ئاسانكاریین بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمیی.