لە سنووری نەوسودی رۆژهەڵاتی كوردستان ژنە كۆڵبەرێك كوژرا و لە سنەش ماوەی پێنج رۆژە ژنە چالاكوانێكی مەدەنی دەستگیراوە و چارەنووسی نادیارە.


رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، رۆژی 19ـی ئەم مانگە، لە سنووری نەوسود ژنە كۆڵبەرێكی تەمەن ٢٦ ساڵ كە دایكی منداڵێكە، بە دەسترێژی هێزە چەكدارەكانی ئێران برینداركراوە و دواتریش بە هۆی سەختی برینەكەیەوە رۆژی هەینی رابردوو لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری كرماشان گیانی لەدەستداوە.


ئەوەشی خستووەتەڕو، باوك و برای ئەو ژنە كۆڵبەرە كوژراوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.


هاوكات، رێكخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەداوە، سەیران خەسرەوی كە ژنە چالاكوانێكی خەڵكی سنەیە ماوەی پێنج رۆژە لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە دەستگیركراوە و چارەنووسی نادیارە، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەكانیش ئامادەنین روونكردنەوە لەسەر چارەنووسی بدەن.