ساڵی داهاتوو فڕۆكەخانەكانی نەینەوا و ناسریە و كەربەلا دەكرێنەوە
هەژار
٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٥٩
لە ساڵی داهاتوودا سێ فڕۆكەخانەی نوێ لە عیراق دەكرێنەوە، وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت كردنەوەی فڕۆكەخانەكان كاریگەری گەورەیان لەسەر گەشەسەندنی ئابووری دەبێت.
مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، حكومەتی ئێستا پلان و بەرنامەی ستراتیژی هەیە تایبەت بە بواری گواستنەوە بەتایبەتیش رێگەی گەشەپێدان كە لەناو ١١ پارێزگای عیراقدا تێدەپەڕێت و سێ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ رێگەی گەشەپێداندا دەبێت كە بریتین لە فڕۆكەخانەكانی بەغداد و بەسرە و نەجەف.
وتیشی، لە ئێستادا كاركردن لە فڕۆكەخانەی ناسریە گەیشتووەتە ٧١% و فڕۆكەخانەی نەینەوا گەیشتووەتە ٨٦% و كارەكانی فڕۆكەخانەی كەربەلاش بەرەو كۆتایی دەچێت و بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا هەرسێ فڕۆكەخانەكە بكرێنەوە كە كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر زیاتر گەشەپێدان و بەهێزبوونی كەرتی ئابووری عیراق.