فەرمانی دەستبەسەركردنی سەرۆكی شارەوانی لەسەر كار لادراوی دێرسیم دەركرا
هادی
٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٣
داواكاری گشتی توركیا فەرمانی دەستبەسەركردنی سەرۆكی شارەوانی لەسەركارلادراوی دێرسیم دەركرد، خۆپیشاندان و ناڕەزایش دژی دانانی قەیوم بەردەوامن.
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بیرسەن ئۆرهان سەرۆكی شارەوانی دێرسمی دورخستەوە و قەیومی لە شوێنەكەی دانا، بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ دەركرد، رۆژی یەكشەممەش بۆ وتەلێوەرگرتن چووە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، دواتر رەوانەی دادگا كرا، دادگاش فەرمانی دەستبەسەركردنی لە ماڵی خۆی بۆدەركرد، گەشتی دەرەوەی وڵاتیشی لێ قەدەغەكرد.
لە چوارچێوەیەی ناڕەزایەكانیش دژی دانانی قەیوم، رۆژی یەكشەممە لە گۆڕەپانی سەید رەزا لە دێرسیم و قەرس و ئاگری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژ بە دورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكان و دانانی قەیوم لە شوێنەكانیان بەردەوام بوو.
رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆی توركیا بڕیاریدا بە دورخستنەوەی دوو سەرۆك شارەوانیی دێرسیم و پولور لە باكوری كوردستان، تا ئێستا چوار سەرۆك شارەوانیی سەر بە دەم پارتی و دوو سەرۆك شارەوانیی سەر بە جەهەپە دورخراونەتەوە و قەیوم لە شوێنیان دانراوە.