ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا سبەینێ دەنگ لەسەر یاسایەك دەدات كە ئەگەر پەسەند بكرێت، فرۆشتنی چەند جۆرێك چەك بە ئیسرائیل قەدەغە دەكرێت.

سیناتۆر بێرنی ساندەرز ئەندامی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی پیران كە هاوپەیمانی دیموكراتەكانە رایگەیاند، ئیسرائیل بە بۆمبی ئەمریكی بۆردومانی گەڕەكە قەرەباڵغەكان دەكات و سەدان هاووڵاتی مەدەنی دەكوژێت بۆ لەناوبردنی ژمارەیەكی كەم لە چەكدارانی حەماس و دەشڵێت، ئەم كارانە نایاساییە.

پرۆژە یاساكە، لەلایەن سیناتۆر بێرنی ساندەرزەوە پێشكەش بە ئەنجومەنی پیران كراوە و یاساكانی ئەمریكاش ئەو مافە بە كۆنگرێس دەدەن فرۆشتنی چەك لە دەرەوەی وڵاتەكە رابگرێت.

میدیاكانی ئەمریكا دەڵێن، دوو لەو بڕیارانە كە لەلایەن ساندەرز و  هەردوو ئەندامی دیموكرات جێف مێركلی و پیتەر وێڵچ پێشكەش كراون و تیایدا فرۆشتنی هاوەنی ١٢٠ ملم و تەقەمەنی هێرشی راستەوخۆ قەدەغە دەكەن، بڕیاری سێیەمیش كە سیناتۆری دیموكرات برایان شاتز پشتیوانی لێدەكات بۆ ئەوەیە رێگری لە فرۆشتنی گولەی تانك بكرێت.