سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ عیراقییەكان و بە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە عیراقی نوێ بنیات دەنرێت.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە میانی سەردانیكردنی بنكەی سەرەكی سەرژمێری لە وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە لە عیراق و بە ئەنجامدانی سەرژمێری عیراقی نوێ بنیات دەنرێت لەسەر بنەمای زانیاری نوێ و ورد.

وتیشی، هۆشیاری هاووڵاتیان بۆ بەشداریكرن لە سەرژمێری ئاماژەیەكی گرنگە و مەرجەعی ئایینی رۆڵی هەبوو بۆ هاندانی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی پێشوازی لە تیمەكان بكەن و بەشێك بن لە پرۆسەكە.

دەشڵێت، سەرژمێری پێشتر بە كاغەز ئەنجام دەدرا، بەڵام ئێستا زانیاری نوێ بەهۆی تەكنەلۆجیاوەیە و بە شێوەی ئەلیكترۆنی كارەكە ئەنجام دەدرێت و ئاسانكارییە.

ئەمڕۆ سودانی زانیاریی خۆی و خێزانەكەی لە سەرژمێری گشتی تۆماركرد و داوای لە هاووڵاتیان كرد هاوكاری تیمەكانی سەرژمێری بكەن و زانیاری دروست پێشكەش بكەن.