حزبوڵای لوبنان بە موشەك بۆردومانی تەلئەبیبی كرد و بەهۆیەوە كارەبای بەشێك لە شارەكە پچڕاو فڕۆكەخانەی بن گۆریۆنیش داخرا.


میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، حزبوڵا بە چوار مووشەك ناوەڕاستی تەلئەبیبی بۆردومانكردووە و سیستمی بەرگری نەیتوانیوە بەرپەرچی هێرشەكە بداتەوە.


پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێت، بەهۆی بۆردومانەكەوە پێنج كەس برینداربوون و كارەبای زۆربەی شارەكەش پچڕاوە، هەروەها فڕۆكەخانەی بنگۆریۆنیش داخراوە.


ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەهرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، دەسەڵاتداران هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتیان كە لە ناوچەكانی تەلئەبیب، ئیلات، كەریات، شەمونە، تانیا، ڕامات، بەنی براك، هۆلۆن و ژمارەیەك ناوچەی نیشتەجێبوون لە جەلیل لە ماڵ و حاڵی خۆیان بمێننەوە.


ئەو بۆردومانەی حزبوڵا لەكاتێكدایە، كەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی بڵاویكردۆتەوە، لە ماوەی كەمتر لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا سوپای ئیسرائیل ١٧٠ مووشەكی ئاراستەی لوبنان كردووە.


ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكیش بڵاویكردووەتەوە، چڕكردنەوەی هێرش و بۆردومانەكان بۆ سەر لوبنان، ئامانج لێی فشارخستنە سەر حزبوڵایە بۆ رازیبوون بە مەرجەكانی ئاگربەست.