رۆژی یەکشەممەی داھاتوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رژێمی بەعس بۆ گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی و موڵک بۆ خاوەنەکانیان لەسنوری کەرکوک دەدات.


ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خشتەی دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی خشتەکە لە دانیشتنەکەدا چەند پڕۆژەیاسایەک دەخرێنە دەنگدانەوە.


لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەدا، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگدەدات لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوی و موڵک بۆ خاوەنەکانیان و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس کە لەنێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەری کردبوون و بەھۆیەوە بەشێکی زۆر لە زەوییەکانی جوتیارانی کورد و تورکمان لەسنووری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەلایەن عەرەبە ھاوردەکانەوە دەستیبەسەردا گیراوە.


لە بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەدا، ئەنجومەنی نوێنەران ھەمواری یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩ دەخاتە دەنگدانەوە کە لە ماوەی رابردوودا لەنێوان لایەنە سیاسییەکان مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو، ھەروەھا دەنگدەدات لەسەر پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی بۆ بەندکراوانی سونە.