کەناڵی عەرەبیە: بایدن ھەڕەشەی ئەوەی کردووە ھێرشەکان رانەگیرێن خاکی ئێران دەکەنە ئامانج
کوردسات نیوز
١٤ی شوباتی ٢٠٢٤
١٨٢
کەناڵی عەرەبییە بڵاویکردووەتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوە باڵا و تایبەتەکانی خۆی لە واشنتۆن دەستیکەوتوون، لەماوەی رابردودا دوای دەستپێکردنی ھێرش و بۆردومانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژوەندی و ھێزەکانی ئەمریکا بەتایبەتیش لە عێراق و سوریا بەھۆی ھاوکارییەکانی بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەززە، ئیدارەی کۆشکی سپی چەندجارێک ئێرانی ئاگادارکردووەتەوە ئەو ھێرشانە رابگرێت، بەڵام ھیچ وەڵامێکیان دەستنەکەوتووە.
ئاشکراشیکردووە، لە چەند ھەفتەی رابردوودا بەتایبەتیش دوای ھێرشەکەی سەر تاوەری ٢٢ی ھێزەکانی ئەمریکا لە سەر سنوری سوریا و ئوردن لە کۆتایی مانگی رابردوودا، خودی سەرۆکی ئەمریکا ھاتووەتە دەنگ و چەند نامەیەکی ھەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئێران کردووە و ھۆشداری داوە ئەگەر گروپەکانی نزیک لەخۆی لەو ھێرشانە رانەگرێت، ئەوا ئەمریکا راستەوخۆ ناو خاکی ئێران دەکاتە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئێران کە زانیویەتی ھەڕەشەکانی بایدن جددین، گروپەکانی نزیک لەخۆی لە عێراق و سوریا ئاگادارکردووەتەوە کە ھێرشەکانیان بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا رابگرن.