د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان چاوی بە ئۆدیل رینو باسۆ سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان کەوت.

لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 لە شوێنی مانەوەی لە باکۆ، سەرۆك کۆمار چاوی بە سەرۆكی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان کەوت و لە دیدارەکەدا میکانیزمەکانی پتەوکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان عێراق و بانکەکە تاووتوێ کران، لەم رووەوە سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، ئەمڕۆ عێراق لە ئاسایش و سەقامگیریدایە و دەخوازێت بانکی ئەوروپی رۆڵی گەورە ببینێت لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پارەدارکردنی پرۆژەکانی ژێرخان و تەندروستی و وزە و کشتوکاڵ و کارەبا و پەروەردە.

هەروەها سەرۆك کۆمار داوای کاری هاوبەشی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەگەڵ بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەتی کرد لەپێناو پێشخستنی گەشەپێدان و زیادکردنی گەشەی ئابوری و رەخساندنی هەلی نوێی کار بۆ گەنجانی عێراق.

لەلایەن خۆیەوە، ئۆدیل باسۆ ستایشی دیدگای سەرۆك کۆماری کرد بۆ پتەوکردنی هاوبەشی و هاریکاری نێوان عێراق و بانکی ئەوروپی.

دووپاتیشیکردەوە، کە بانکی ئەوروپی پابەندە بە پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی ئەزمون و شارەزایی لەپێناو گەشەپێدانی ئابووریی عێراق.