بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراو: جەنگی غەززە ھەڕەشەیە لەسەر ئابوری جیھان
لاڤە
١٣ی شوباتی ٢٠٢٤
٣٩٥
کریستالینا جۆرجیڤا بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس زیانی زۆری بە ئابوری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا گەیاندووە، ترسی ئەوەشی ھەیە کە کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابوری جیھان ھەبێت، بە تایبەت ئەگەر جەنگەکە زیاتر درێژە بکێشێت.
وتیشی، لەئێستادا بەھۆی ھێرشی حوسییەکانەوە مەترسییەکی گەورە ھەیە لەسەر جموجوڵی بازرگانی کەشتییەکان لە دەریای سور و دەریای عەرەب، کە ١٢% بازرگانی جیھانی پێکدەھێنن.
ئاجای بانگا سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتیش وتی، ئەوەی لە غەززە و دەریای سور روودەدات لە گەورەترین ململانێکانە کە روبەڕووی ئابوری جیھان بووەتەوە.
کۆتاییەکانی مانگی رابردووش، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان رایگەیاند، قەبارەی بازرگانی لەڕێی کەناڵی سوێس ٤٢% کەمبووەتەوە.