رێکخراوی بەھاناوەچوونی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەھۆی پارچەی مووشەکەکانەوە گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ برینداربووە و  دوو ژنی تریش لەکاتی ھەڵھاتن و گەڕان بەدوای پەناگەدا برینداربوون.

ھاوکات حکومەتی ئیسرائیل حزبوڵای لوبنانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ھێرشەکە و ھێزی ئاسمانی وڵاتەکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکانیش بواری ئاسمانی لە حەیفاوە تا سنوری لوبنان لەبەردەم گەشتی فڕۆکە مەدەنییەکاندا داخست.

تەلەفزیۆنی لوبنان بڵاویکردەوە، تۆپھاوێژەکانی ئیسرائیلی بەتۆپی قورس تۆپبارانی شارۆچکەکانی قەلیلە و مەعلیەی سەر بە قەزای سور لە باشوری لوبنان کردووە.

ھێرشە مووشەکییەکە لە دوای پشێوییەکانی مزگەوتی ئەقسا دێت کە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە پەلاماری نوێژخوێنان دراو دەیان نوێژخوێن بریندارکران و نزیکەی ٤٠٠ی تریش دەستگیرکران.

ھاشم سەفیەدین سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، ھەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پەلاماردانی مزگەوتی ئەقسا ناوچەکە دەسوتێنێت و ئەقسا تەنھا نییە و ملیۆنان موسوڵمان پشتیوانی دەکەن.