دوای کوژرانی زیاتر لە ٤٦٠ کەس پۆلیسی رەوشت لە ئێران ھەڵوەشایەوە
ئاکار
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٤٬٩٩٠
محەمەد جەعفەر مونتەزری، دادوەری گشتیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ تاوتوێی ناڕەزایەتییەکانی گەلی ئێران بەڕێوەچوو، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ھەڵوەشانەوەی پۆلیسی رەوشت رایگەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نەبوو، لە کوێ پێکھێنرابوو، ھەر لەوێش ھەڵوەشایەوە.
بەپێی قسەکانی دادوەری گشتی ئێران، تاکو ١٠ رۆژی تر پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی باڵای کلتووری سەبارەت بە بابەتی حیجاب و باڵاپۆشی رای خۆیان رادەگەیەنن.
رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ پۆلیسی رەوشتی تاران بە پاساوی ئەوەی حیجابەکەی بەباشی سەری دانەپۆشیوە، ھێرشیکردە سەر کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵی کورد بەناوی "ژینا ئەمینی" و بەھۆیەوە "ژینا" کەوتە حاڵەتی کۆماوە، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە رۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢وە دوای بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمینی، خۆپیشاندان لە ٨٣ شاری ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان دژی حکومەت و بۆ داواکردنی ئازادیی و دیموکراسیی دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، لە خۆپیشاندانەکانیشدا زیاتر لە ٤٦٠ کەس کوژراون.