گروپی پارێزگارکارانی کۆمارییەکان لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا، پێشنیازێکیان پێشکەش کردووە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، بە مەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمەکە داراییانەی کە واشنتۆن تەرخانی دەکات بۆ عێراق و لوبنان و نەتەوە یەکگرتووەکان.

پێشنیازەکەی کۆمارییەکانی ناو کۆنگرێس ئەگەر لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوودا پەسەند بکرێت، ھەموو ئەو کۆمەکە داراییانە ڕادەگیرێت، کە ئیدارەی جۆو بایدن پێشکەشی ھێزە چەکدارەکانی لوبنان و ھێزەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراقی دەکات.

ھۆکاری پشت ئەو ھەوڵانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کۆمارییەکان پێیان وایە بەشێک لەو کۆمەکە داراییانە دەگاتە دەستی ئەو گروپە چەکدارانەی کە نزیکن لە ئێرانەوە، لە لوبنان و عێراق و، خراونەتە ناو ڕیزی ھێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی ئەو وڵاتانەوە.