خەمیس خەنجەر سیاسەتمەداری سوننە، دەستی لە پۆستی سەرۆکی حزبی سیادە کێشایەوە، دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەریی بانگھێشتکرا بۆ لێپرسینەوە.

ھاوپەیمانی سیادە لە راگەیەندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خەمس خەنجەری لە سەرۆکایەتیی حزبەکەی راگەیاند، ئەوەش راستەوخۆ دوای بانگھێشتەکەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە ھات.

عەلی سەیفەدین سەعدون ئەمینداری گشتی حزبەکە لە راگەندراوێکدا ئاماژەی بە پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی خەمیس خەنجەر کردووە کە ئێستا گەورەترین پارتی سوننەکانی عیراقە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، سەرۆکی ھاوپەیمانی سیادە لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی کردبوو، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتیی ئەو حزبە پێشکەشکرد.

دەسەڵاتی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەریی یەکێکە لەو دامەزراوانەی کە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دروستبووە و کار بۆ دوورخستنەوەی ئەندامانی پێشووی بەعس دەکات لە دامودەزگاکان.