لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رەزامەندیدا لەسەر پڕۆژە یاسایەک بۆ روبەڕوبونەوەی "دوژمنانی ئەمریکا"، بەپێی ئەو پڕۆژەیە رێگە نادرێت ھیچ کەرەستەیەکی تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئێران بفرۆشرێت یا ھاوردە بکرێت، ھەر لایەنێکیش ئەوە بکات سزا دەدرێت.

ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ھێرشەکانی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتیەکانی ئیسرائیل و ھێرشی حوسییەکان لە سعودیە و ئیمارات و ھێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق.

بۆب مینیندیز سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان لە ئەنجومەنی پیران رایگەیاند، بەرکاھێنانی ھەڕەمەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە لە تەواوی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ھەڕەشەیەکی ئەمنی گەورەیە بۆ سەر ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی.

جیم ریش ئەندامی کۆمارییەکانیش دەڵێت، لەو کاتەوەی ئیدارەکەی جۆ بایدن گەڕاوەتەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ھێرشکردنە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیسرائیل و ھاوپەیمانەکانی تری ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و دیبلۆماتکارانی ئەمریکا بەکارھێناوە.