"یوسف حەمود" وتەبێژی سوپای نیشتمانی سوریا کە لە تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت رایگەیاندووە، روسیا لە پێگەکانی لە نزیک تەلرەفعەت و مەنبەج و دەوروبەری باشوری کۆبانێ و عەین عیسا بوونی سەربازی پتەوتر دەکات، ھەموو ئەو ناوچانەش ٤٠ کیلۆمەتر لە سنورەکانی تورکیاوە دوورن. 

ئەو وتەبێژە دەشڵێت، لەو کاتەوەی تورکیا باسی لە ئۆپراسیۆنی سەربازی کردووە بۆ سەر باکوری سوریا، حکومەتی سوریا و میلیشیا ھاوپەیمانەکانی ھاوکاری رەوانەی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەکەن، تێبینی فڕۆکە و ھەلیکۆپتەری روسیشیان کردووە لە بنکەیەکی ئاسمانی سەربازی لە نزیک تەلرەفعەت.

 ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵی سەر بە دەوڵەتی تورکیاش رایگەیاندبوو، روسیا ھێزی لە باکوری سوریا بڵاوکردۆتەوە و گەڕانی ئاسمانیش بەسەر تەلرەفعەتەوە ئەنجام دەدات و سیستمی بەرگری ئاسمانیشی لە "قامیشلۆ" داناوە. 

پێشتریش ئەنجومەنی سەربازی ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندبوو، ئامادەن ھەماھەنگی بکەن لەگەڵ ھێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر ئۆپراسیۆنێکی نوێی تورکیا.