"کارین جان پییر" وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، گەشتەکەی "بایدن" بۆ سعودیە و ئیسڕائیل لە پێناو بەرژەوەندی گەلی ئەمریکایە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

وتیشی، نزیکەی ٨٠ ساڵە سعودیە ھاوبەشێکی ستراتیژیی ئەمریکایە و پشتیوانی "بایدن" دەکەن بۆ ئەو سەردانە و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ "محەمەد بن سەلمان" جێنشینی ئەو وڵاتە، کە بڕیارە لە مانگی داھاتوو ئەنجامی بدات.

لێپرسراوانی ئەمریکا دەڵێن، گەرموگوڕی لە پەیوەندییەکانی سعودیە و ئەمریکا دروست بووەتەوە و باشکردنی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەش لە ئەولەویاتی "بایدن"ە.

بەڵام ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمریکی ڕەخنەیان لە سەردانەکەی "بایدن" ھەیە و دەڵێن لە کاتێکدایە کە ھەواڵگری ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "محەمەد بن سەلمان" فەرمانی دەرکردووە بە کوشتنی "جەمال خاشقچی" ڕۆژنامەنووسی سعودی لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨.