ڤیتاڵی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، ژمارەیەک تەقینەوە لە ھەردوو ناوچەی دارنێتسکی و دنیبرۆڤسکی لە پایتەختی ئۆکراین روویانداوە، بەڵام ئاماژەی بە زەرەروزیانی تەقینەوەکان نەکرد.

لە لایەکی ترەوە، ئەلیکساندەر سترایۆک سەرۆکی شارەوانیی سیڤرۆدۆنێتسک رایگەیاند، سوپای روسیا ھاتوونەتە ناوەندی شارەکە و چەند ناوچەیەکی سەرەکیان کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام سوپای ئۆکراین لە ھەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوەتی شارەکەدایە، ئەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند بوو، یەکە سەربازییەکانی ئۆکراین لەو شارە کشاونەتەوە، دوای ئەوەی تووشی زیانی گەورە بوون.