بینێت ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ رێگەگرتن لە ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، ئیسرائیل رێگەچارەی دیپلۆماسی بە باشترین رێگەچارە دەزانێت، بەڵام ئەگەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی نەتوانێت لە کاتێکی گونجاودا بە ئامانجەکەی بگات، تەلئەبیب لە دژی تاران بڕیاری خۆی دەدات، وتیشی، مافی ئەوان بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان و راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پارێزراوە.

حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێپ بورێل لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەندام لە ئاژانسی نێوەدەوڵەتی وزەی ئەتۆم، واتە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەک دژ بە ئێران، پێچەوانەی پڕۆسەی دیپلۆماسییە و دەبێتە ھۆی ئاڵۆزتربوونی دانوستانەکانی ڤییەننا.

راشیگەیاند، ھەر بڕیارێکی سیاسیی ئەمریکا و ئەو سێ وڵاتە، کاردانەوەی گونجاو، خێرا و کاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێدەکەوێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ھێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، چەند رۆژێکە ئیسرائیل مانۆڕێکی سەربازیی بەرفراوانی دەستپێکردووە و لە نوێترین لێدوانیشدا یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ھۆشداری داوەتە ئێران و رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران ھەوڵبدات شەڕ و ئاژاوە لە سنورەکانی ئیسرائیل دروست بکات، ئەو شەڕە لە سنورەکانی خۆیاندا دەبینن.

وەک کاردانەوەیەکیش بۆ ئەو لێدوانە، عەلی باقری کێنی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئەو وڵاتە لە دانوستانەکانی ڤییەننا رایگەیاند، پێدەچێت ئیسرائیلییەکان تەنھا لە خەوندا ببینن ھێرش دەکەنە سەر ئێران، ھەر کاتیش ئەو خەونەیان بینی، ھەرگیز خەبەریان نابێتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە، رۆبێرت مالی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لەگەڵ ژەنەڕال کۆریلا فەرماندی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای وڵاتەکەی کۆبووەتەوە و لەبارەی ھەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەڕەشەکانی ئێران گفتوگۆیان کردووە.