سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بە ھەوڵی باڵیۆزانی ئێران لە تورکیا و سوریا و بە ھاوکاری باڵیۆزخانەکانی ئەو دوو وڵاتە لە تاران، توانیوویانە ئەو نۆ کۆچبەرە کوردەی کە ھاوینی ڕابردوو ڕادەستی بەرەی نوسرە کرابوون، بگەڕێنرێنەوە بۆ ئێران.


مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو نۆ کۆچبەری خەڵکی شارەکانی پاوە و سەردەشت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری ھەرێمی کوردستان لە دارستانەکانی نزیک ئیستەنبوڵ و لە کاتی پەڕینەوەیان بۆ ئەوروپا لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکران، ئەو کۆچبەرانە لەبەر ئەوەی دیپۆرتی ئێران نەکرێنەوە خۆیان بە سوری ناساندبوو و بەھۆیەوە تورکیا ڕادەستی بەرەی نوسرەی کردن.