بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامدا و دوابەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بایدن ھۆشداری داوەتە پوتن و پێی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ڕووسیا ھێرش بکاتە سەر ئۆکراین، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەبێت.


کۆشکی کرملینیش بڵاویکردەوە، بایدن بە پوتنی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لەسەر پرسی ئۆکراین، گەمارۆی زیاتر بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنن، لە وەڵامدا پوتن جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو بڕیارە، زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ دەگەیەنێت.


لە ماوەی یەک مانگەدا، ئەوە دووەمجارە سەرۆکانی ئەمریکا و ڕووسیا پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە کە لەسەر داوای پوتن بووە.