رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەند، ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئارادا نیە و ھەر کاتێک بۆ ھەڵبژاردنی دیاری کرابێت، لەو کاتەدا ھەڵبژاردن دەکرێت، لە بەرامبەردا فائیق ئوزتورک جێگری سەرۆک و وتەبێژی پارتی گەلی کۆماری "جەھەپە"، رایگەیاند، تاکە رێگە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانەی تورکیای تێکەوتووە، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە، داواشی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد، بەرپرسیارێتی ھەڵبگرێت و دەرگای سندوقەکانی دەنگدان بۆ گەلی تورکیا بکاتەوە .
دابەزینە مێژوییەکانی بەھای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار، قەیرانی ئابووری لە تورکیا قوڵکردووەتەوە و کاریگەریەکەشی لەسەر ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتە زیاتر دەرکەوتووە، چەندینجاریش پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەت ھەدەپە و جەھەپە داوای پێشخستنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیان کردووە، کە بڕیاروایە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بەڕێوەبچن.