لە دادگای تاوانە قورسەکانی کۆنیا، پڕۆسەی دادگاییکردنی محەمەد ئاڵتون بەڕێوەچوو، کە ناوەڕاستی ئەمساڵ حەوت ئەندامی خێزانێکی کوردی لە کۆنیا کوشت، جگە لە تۆمەتباری سەرەکی ١١ تۆمەتباری دیکە دادگایی کران کە بە ناڕاستەوخۆ دەستیان لە رووداوەکەدا ھەبووە.
بکوژی خێزانە کوردەکە دەڵێت، بە ئامانجی ئاشتەوایی چووەتەوە ناو ماڵی خێزانە کوردەکە و ئامانجی کوشتنیان نەبووە و پەشیمانە لەو کارەی کردوویەتی. پارێزەر و کەسوکاری خێزانە کوردەکەش دەڵێن کوشتنی کەسوکارەکانیان بەھۆی کوردبوونیانەوە بووە.
٣٠ی تەموزی ئەمساڵ محەمەد ئاڵتون حەوت ئەندامی خێزانێکی کوردی لە کۆنیا کوشت کە بە دەدەئۆغوڵڵاری بەناوبانگن و دوای چەند رۆژێکیش لەلایەن ھێزە تایبەتەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا. خێزانە کوردەکە ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا لە باکوری کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ کۆنیا و تاکو ئێستاش چەند جارێک لەلایەن رەگەزپەرستەکانەوە پەلامار دراون.