وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دانوستانەکانەوە رایگەیاند ، لە خولەکانی رابردوودا ھیچ نیازێکی وڵاتانی خۆرئاوایان بەدی نەکردوە بۆ ھەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران . 

"نید پرایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاندوە ، بە زوویی دیاریی دەکەن کە ئایا ئێران بە نیازێکی باشەوە دانوستان دەست پێدەکاتەوە یاخود نا ، ھۆشداریشی داوەتە ئێران  لەوەی کە کاتێکی زۆر کەمیان ماوە بۆ دانوستان ، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکیش لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکەی بایدنەوە ئاشکرایکردوە کە واشنتۆن ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سزاکانی سەر ئێران قورستر بکات ئەگەر بێتو دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبن.
لیز تراس وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ئەم خولەی دانوستانەکانی ڤییەننای بە کۆتا دەرفەت بۆ ئێران ناو بردوە و رایگەیاندوە ، پێویستە تاران کۆتا دەرفەت لە دەست خۆی نەدات  و بگەرێتەوە بۆ پابەند بونەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمی .