ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایش و ھاوکاری ئەوروپا لە ستۆکھۆڵم بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە دوو رۆژی داھاتوودا روون دەبێتەوە کە ئایا ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە دانوستانەکانی ڤیەننا نیەت پاکی ھەیە یاخود نە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرچەندە بڕیار و لێدوانەکانی لێپرسراوانی ئێران وایکردووە گەشبین نەبن بە داھاتووی دانوستانەکان، بەڵام ھێشتا درەنگ نەبووە و تاران دەتوانێت رەوشەکە پێچەوانە بکاتەوە.
ھاوکات حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ھاوتا ژاپۆنییەکەی رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئیرادە و بەرنامەیەکی روونەوە گەڕاوەتەوە دانوستانەکانی ڤیەننا بەڵام، گەشبین نین بە ئیرادە و نیەتی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا و دەبێت ئەو لایەنانە بەکردار ئیرادە و نیەت پاکی خۆیان لەسەر مێزی دانوستان پیشان بدەن.