یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ناتۆ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا نیگەرانی لە بڕیاری ڕووسیا بۆ ڕەوانەکردنی ھێز بۆ سنورەکانی ئۆکراین دەربڕی و ڕایگەیاند، بۆ دووەمین جار لەمساڵدا ڕووسیا کەلوپەلی سەربازیی و چەکی قورسی لە سنورەکانی ئۆکراین جێگیرکردووە و ئەوەش دەبێتە ھۆی پەرەسەندی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە.


وتیشی، ئەگەر ڕووسیا وەک ڕابردوو ھێرش بکاتەسەر ئۆکراین، دەبێت بەپرسیاریەتی دەرەنجامەکانی لەئەستۆ بگرێت و باجێکی قورس بدات، بۆیە جارێکیتر داوا لە مۆسکۆ دەکەن نەبێتە ھۆی تەشەنەسەندی گرژی و ئاڵۆزییەکان.


سکرتێری گشتی ناتۆ ئاماژەی بەوە نەکرد، ئەگەر ڕووسیا ھێرش بکاتە سەر ئۆکراین، چ کاردانەوەیەکیان دەبێت و زانیاری وردی لەو بارەیەوە ئاشکرا نەکرد.