لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری پێشوی "ھەدەپە"و ھاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک "کەجەدە"‌ بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخستنی قەدەغەکراو و بەھۆی لێدوانێکی لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٠ لە پانێلێکدا لە گەڤەر، سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، کە لەو لێدوانەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، گۆشەگیری سەر ئۆجالان لاببرێت بۆ ئەوەی ئاشتی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەدی بێت.


لەیلا گوڤەن لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداری لە چوارەمین دادگای سزای ئاسلیا لە جۆلەمێرگ کرد، ھاوکات پارێزەرەکەشی ھەر لە ڕێگەی ڤیدیۆوە لە ئامەدەوە بەشداری دانیشتنەکە بوو، لە کۆتایی دانیشتنەکەدا دادگا سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.


ئەوەش لە کاتێکدایە لەیلا گوڤەن لە نۆیەمین دانیشتنی دادگای سزا قورسەکانی ئامەدیش ١٨ جۆر تۆمەتی ڕووبەڕوو کرابووەوە، بۆ ھەر دۆسیەیەکیش سزای بەسەردا سەپێنراوە.