ڕۆژی ھەینی جارێکیتر ژمارەیەکی زۆر لە جوتیاران و چین و توێژە جیاجیاکانی ئەسفەھان دژی کەمئاوی و وشکبوونی ڕووباری زایندەڕوود گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەھێنن و بەو ھۆیەشەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر برینداربوون.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ١٢٠ خۆپیشاندەر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئەسفەھانەوە دەستگیر کراون و سێ کەسیش ڕەوانەی ناوەندی تەندروستی زیندانی ئەسفەھان کراون کە گومانی ئەوە دەکرێت کوژرا بن.


محەمەد ڕەزا ئەمیری فەرماندەی ھێزە ئەمنییەکانی ئەسفەھان ڕایگەیاندووە، بە زووترین کات لێپێچینەوە لەو کەسانە دەکەن کە بوونەتە ھۆی پشێوی و ئاڵۆزی و دانی بەوەشداناوە، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و ھێزەکانیان برینداربوون.