شەوی رابردوو سەدان کەس لە شاری ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەی تورکیا، دژی دابەزینی بەھای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، رژانە سەر شەقامەکان و دروشمی ناڕەزایەتیان بەرامبەر حکومەت و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار وتەوە و بە ھۆکاری دابەزینی بەھای لیرە و دروستبوونی قەیرانی ئابووری لە تورکیا تۆمەتباریان کردن، ھاوکات خۆپیشاندەران داوای دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتیان کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش ھاشتاگی "دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتی ئەردۆغان" یان بڵاوکردەوە.
ئەو خۆپیشاندانە لە کاتێکدایە، کۆتاییەکانی ھەفتەی رابردوو، بە فشاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، بانکی ناوەندیی تورکیا بەھای سوودی لەسەر لیرە کەمکردەوە، ئەوەش بووەھۆی کەمبوونەوەی بەرچاوو لە بەھای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.