رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان "ئاکەپە"، ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوە یان ھەموارکردنەوەی مەرجی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەدات و دەیەوێت ئەو مەرجە بسڕێتەوە کە دەڵێت، "ئەو کاندیدەی دەبێت بە سەرۆک کۆماری تورکیا، دەبێت لانیکەم نیوە زائید یەکی دەنگەکانی ھەڵبژاردن بەدەستبھێنێت"، ئەو ھەوڵەی ئەردۆغان بۆ گەرەنتی سەرکەوتنی خۆی یان ئەو کاندیدەیە کە ئەردۆغان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دیاری دەکات، بە تایبەت کە بە پێی چەند راپرسیەک لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت ئاستی جەماوەریی ئەردۆغان و حزبەکەی پاشەکشەی بەرچاوو بەخۆیەوە ببینێت.


خواستی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی مەرجی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا، نیگەرانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست "مەھەپە"ی ھاوپەیمانی ئەردۆغانی لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت کە ئەردۆغان ھەوڵی دروستکردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ "تەمەل کەرەموڵا ئۆغڵو" سەرۆکی پارتی سەعادەت دەدات، کە ئێستا ھاوپەیمانیی پارتی گەلی کۆماری "جەھەپە"یە، لەوبارەیەوە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەھەپە رایگەیاند، گۆڕینی مەرجی ھەڵبژاردنی سەرۆک و لابردنی مەرجی نیوە زائید یەکی دەنگەکان، نموونەی مۆدێلێکی خراپی دیموکراسیە کە دیموکراسی ژمارەییە.


پێشتر ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا رایگەیاند، ئەردۆغان بە دوای جێگرەوەی یاسای نیوە زائید یەکدا دەگەڕێت، چونکە راپرسیەکان دەریدەخەن، کاندیدی "ھاوپەیمانی کۆمار" کە لە ئاکەپە و مەھەپە پێکھاتووە، ناتوانێت زیاتر لە ٤٠٪ی دەنگەکان لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بەدەستبھێنێت، ئەوەش واتای کۆتاییھاتنی حکومڕانی چەند ساڵەی ئەردۆغانە و پارتەکەیەتی.


ھاوکات سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە"، لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە رایگەیاند، ملیۆنان ھاوڵاتی ھەژاری تورکیا چەندین سەعات چاوەڕێی دەستکەوتنی نان دەکەن، تاکە رێگاش بۆ دەرباز بوون لە قەیرانەکانی ئێستای تورکیا، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە.