میدیاکانی بەریتانیا ڕایانگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، پریتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە وتارێکیدا لە کۆنگرەی ئاسایش لە واشنتن، بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت و ھەفتەی داھاتووش پڕۆژە یاسایەک لەو بارەیەوە دەخاتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی تاکو پەسەند بکرێت.


بە پێی پڕۆژە یاساکە، ئەو کەسانەی لە بەریتانیا بە ئاشکرا پشتیوانی حەماس دەکەن یان ئاڵای بزوتنەوەکە بەرز دەکەنەوە، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و سزاکەشیان تاکو ١٤ مانگ زیندانیکردن دەچێت.


لە یەکەم کاردانەوەشدا نەفتالی بینێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل پێشوازی لە بڕیارەکەی بەریتانیا کرد و سوپاسی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای کرد. تا ئێستا ئەمریکا و ئیسڕائیل و کەنەدا و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی بزوتنەوەی حەماسیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.