بوومەلەرزەکەی ئێران زیاتر لە ٧٠٠ ملیار تمەن زیانی لێکەوتەوە
کوردسات نیوز
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
١٬٣٣٣
مەھدی دوستی پارێزگاری ھۆرموزگان ڕایگەیاند، بەھۆی بومەلەرزەکەی ڕۆژی یەکشەممە، نزیکەی سێ ھەزار خانوو لە پارێزگاکە بە ڕێژی ٢٠٪ بۆ ٨٠٪ زیانیان بەرکەوتووە و بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ڕێژەی زیانەکان بە زیاتر لە ٧٠٠ ملیار تمەن دەخەملێنرێت.
ئیسماعیل نەجاڕ سەرۆکی ڕێکخراوی کۆنتڕۆڵی قەیران لە ئێران ڕایگەیاند، بڕە پارەیەکیان وەک سلفە بۆ زیانلێکەوتووان تەرخان کردووە و بە ڕەزامەندی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار بەمنزیکانە قۆناغی نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە دەستپێدەکات کە زیانیان بەرکەوتووە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٤ پلە بە پێوەری ڕێختەر پارێزگای ھۆرموزگانی لە باشوری ئێران ھەژاند و بەھۆیەوە دوو کەس گیانیان لە دەستدا و ١٠٤ی دیکەش برینداربوون.