نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا باسیان لە جموجۆڵە سەربازییەکانی روسیا لە نزیک ئۆکراین کردووە و راشیانگەیاندووە، پاریس و واشنتۆن پابەندن بە پاراستنی سەروەری و یەکگرتوویی خاکی ئۆکراین. 


پێشتریش فەڕەنسا ھۆشداری دابووە روسیا لە ھەر پێشێلکارییەکی نوێ بۆ سەر خاکی ئۆکراین، بە تایبەتی دوای ئەوەی روسیا ژمارەی ھێزەکانی لە نزیک ئەو وڵاتە زیاتر کردووە. 


لە ساڵی ٢٠١٤دا، روسیا نیمچە دوورگەی کریمای ئۆکراینی کردە بەشێک لە خاکی خۆی و ئەوەش پێکدادانی چەکداری لەنێوان جودایخوازانی سەر بە روسیا و ھێزەکانی ئۆکراین دروستکرد، لە ئێستاشدا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ترسیان ھەیە لەسەرھەڵدانی جەنگێکی نوێ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.