پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، بەلەمێکی لاستیکی کۆچبەران لە نێوان دوو کەشتی سەر بە ھێزی دەریایی تورکیا بەرەو دوورگەی "لیسبۆس" ئاڕاستە کراوە و ھەوڵدراوە بە شێوەیەکی نایاسایی بگەیەندرێنە خاکی "یۆنان". 
وەزیری دەریایی یۆنان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تورکیا جارێکی تر لە دەریای ئیجە" پابەندییەکانی بەرامبەر بە یەکێتی ئەوروپا پێشێل کردووە."کیریاکوس میتسوتاکیس" سەرۆک وەزیرانی یۆنانیش ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بە قۆستنەوەی دۆسیەی کۆچبەران و  وتی، تورکیا بەلەمی کۆچبەران بەرەو کەناراوەکانی وڵاتەکەی ئاڕاستە دەکات. 
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٢ ھەزار و ٥٠٠ کەس لە تورکیاوە دەریای "ئیجە"یان تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو ژمارەیان ٩٧٠٠ کەس بووە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستدا.