نەخۆشخانەی مرویس لە شاری قەندەھار پڕ بوە لەو خێزانانەی کە بەھۆی بەدخۆراکی منداڵەکانیانەوە روویان لە نەخۆشخانە کردوە، ھەندێک لەو منداڵانە توانایان لە دەستداوە و بەشێوەیەکی بەرچاو کێشیان دابەزیوە، یەکێک لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەکەش رایگەیاندوە، دووچاربوونی منداڵان بە بەدخۆراکی  بەراورد بە مانگی ئەیلولی رابردوو بۆ دوو ھێند زیادی کردوە.


دکتۆر محەمەد سادق سەرۆکی بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی مرویس رایگەیاند، رێکخراوی خاچی سوور دەرمانەکان دابین دەکەن لەبەرئەوەی ئەوەی لە بەردەستدایە بەشی شەش مانگ ناکات بۆ شی تا چوار مانگ دەبێت، لەبەرئەوەی ژمارەی ئەو منداڵانەی بە دەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن بۆ دوو ھێند زیادی کردوە.


ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەکبەخشی نێودەوڵەتی خۆراک و پێداویستی پزیشکییان بۆ نەخۆشخانەکە گواستوەتەوە، بەڵام ھاوکارییەکانیان وەک پێویست نییە و ناتوانرێت بۆ ماوەی چەند مانگێک درێژەی پێبدرێت.


تەیبە پەرستار لە نەخۆشخانەی مرویس لە قەندەھار دەڵێت، کاتێک رەوشی منداڵەکان بە تەواوی تێکدەچێت، ئینجا کەسوکارەکانیان دەیانھێنن و داوا دەکەن پزیشک ببینن و چارەسەری بە پەلەیان بۆ بکات.
لێپرسراوێکی تەندروستی ئەفغانستان نایشارێتەوە، کە کەرتی تەندروستی رووبەرووی شکست بوەتەوە و ناتوانێت دەرمانی پێویست دابین بکات.


موسا جان سوڵتانی جێگری بەرێوەبەری تەندروستی قەندەھار راگەیاندوە، ئەو پزیشکانەی لێرە کار دەکەن، بەبێ موچە و وەرگرتنی داھاتی نەخۆشخانەکان کار دەکەن، کەمی دەرمان لە ئاستێکی بەزردا، لەگەڵ ئەوەشدا وەک رابردوو بەردەوام دەبین لە کارکردن.


رێکخراوی خۆراکی جیھانی و ئاژانسی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان مانگی رابردوو ھۆشدارییاندا کە لانی کەم یەک ملیۆن منداڵی ئەفغانی رووبەرووی بەدخۆراکی بوونەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی دانیشتوانی ئەففانستان ٣٩ ملیۆن کەسە، ھاوکات ئەوەشیان ئاشکرا کردوە، کە نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا ئاسایشی خۆراکیان بۆ دەستەبەر نەکراوە.