ئەردۆغان سەردانی شاری ماردینی لە باکوری کوردستان کرد و بەشداری لە   رێوڕەسمی بەکارخستنی دووەم تۆرباینی وێستگەی ھایدرۆئەلیکتریکی بەنداوی ئڵیسو کردو رایگەیاند، سودی ساڵانەی بەنداوەکە بۆ تورکیا سێ ملیار لیرەیە.


ئەردۆغان بەنداوەکەی بە دەستکەوتێکی گەورەی حوکمڕانی پارتەکەی لە ١٩ ساڵی رابردوودا ناوبرد وتی، بەنداوەکە لە توانایدایە ١٢٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەمبھێنێت.
 بەنداوی ئڵیسو بەشێکە لە پڕۆژەی گاپ و لەنێوان ماردین و شڕناخ لەسەر رووباری دیجلە دروستکراوە، لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەکە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە پلانی بۆ دانراوە بەڵام دانانی بەردی بناغەکەی تا ساڵی ٢٠٠٨ دواکەوت. 


پڕۆژەکە سەدان گوندی باکوری کوردستان دەکات بەژێر ئاوەوە چەندین شوێنەواری مێژوویش لەناودەبات.