ئەعزەم گودەرزی سەرپەرشتیاری نوسینگەی تەندروستی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی ئێران ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا پێنج ملیۆن و ٦٠٧ ھەزار و ٨٢٧ خوێندکاری تەمەن ١٢ بۆ ١٨ ساڵ دۆزی یەکەمی ڤاکسین و یەک ملیۆن و ٥٧٢ ھەزار ٣٨٠ خوێندکاریش دۆزی دووەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.


ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی خوێندکارانی تەمەن ١٢ بۆ ١٨ ساڵی ئێران شەش ملیۆن و ٣٠٥ کەسە و بە پێی ئەو پلانەی دانراوە دەبێت پێش چوونەوە ناو ھۆڵەکانی خوێندن سەرجەمیان بە ڤاکسینی جۆری سینۆفارم بکوترێن.


بە پێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی ئێران، ٢١ی ئەم مانگە خوێندکارانی ئێران دەچنەوە ناو ھۆڵەکانی خوێندن و درێژە بە پڕۆسەی خوێندن دەدەن.