لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکانی نیوان بەرەی بەرگری ئەفغانستان و چەکدارانی تاڵیبان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ویلایەتی پەنجشیر بەردەوامە، ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەفدێکی پاکستان بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ فەیز حەمید سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری ئەو وڵاتە گەیشتووەتە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.


ھەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری پاکستان بۆ کابوڵ ئاشکرانەکراوە، بەڵام فەھیم دەشتی وتەبێژی بەرەی بەرگری نیشتیمانی ئەفغانستان لە تویتێکدا رایگەیاند، سەردانەکە بەمەبەستی ھاوکاریکردنی تاڵیبان لە شەڕی پەنجشیر، ئەنجامدراوە.


پێشتر ئەمریکا چەندین جار پاکستان و دەزگای ھەواڵگری ئەو وڵاتەی بە یارمەتیدانی بزوتنەوەی تاڵیبان تۆمەتبارکردووە و بەرپرسانی پاکستانیش بەردەوام ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە.