وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" ڕایگەیاند، دوایین فڕۆکەی ئەمریکی فڕۆکەخانەی "کابوڵ"ی بەجێھێشتووە و ئەرکە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا لە "ئەفغانستان" کۆتاییھات. 


"کێنز مەکێنزی" فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکاش ڕایگەیاند، بزووتنەوەی "تاڵیبان" ھاوکار بوون لە ھەڵمەتەکانی گواستنەوە و ١٢٣ ھەزار کەس کە زیاتر لە ٦ ھەزاریان ئەمریکی بوون، لە ماوەی ١٦ ڕۆژدا گواستراونەتەوە.


"ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش وتی، پڕۆسەی گواستنەوەی ئەمریکییەکان و ھاوپەیمانەکانی لە "ئەفغانستان" قورسترین بووە لە مێژووی ئەمریکا، لە داھاتووشدا ھەر دانوستانێکیان ھەبێت لەگەڵ بزووتنەوەی "تاڵیبان"، دەبێت لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمریکا بێت.


ھەروەھا زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند، دوای کشانەوەی ئەمریکا ئەفغانستان سەربەخۆیی بەدەستھێناوە، جەختیشی کردەوە، بزوتنەوەکەی دەیەوێت پەیوەندییەکی سروشتی لەگەڵ ئەمریکا ھەبێت.