ھاوڵاتیانی ئەرمینیا روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن و نوێنەرانی خۆیان لە پەرلەمانی وڵاتەکەیان ھەڵدەبژێرن، ئەم ھەڵبژاردنە پێشوەختەش دوای ئەوە دێت ئەرمینیا لە جەنگی چەند مانگی رابردوودا لەگەڵ ئازەربایجان زۆربەی ھەرێمی کاراباخی لەدەستدا.
ھەڵبژاردنەکە بۆ نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوە و کاربەڕێکەری وڵاتەکە زەحمەت و سەختە، چونکە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ھەرێمی کاراباخ کەوتە دەست ئازەربایجان، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنەکە لە سودی حزبەکەی رۆبەرت کۆچاریان سەرۆک کۆماری پێشووی ئەرمینیا و حزبەکانی تر کۆتایی بێت.
لە ھەڵبژاردنەکەی ئەرمینیادا دوو ملیۆن و ٥٨١ ھەزار کەس و ٩٣ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و ٢٢ حزب و چوار ھاوپەیمانی کێبڕکێی دەکەن و کێبڕکێی بەدەستھێنانی ١٠١ کورسی پەرلەمان دەکەن.