سەڵاحەدین دەمیرتاش: ھەرگیز دەست لە خەباتی دیموکراسی و ئاشتی ھەڵناگرین
کوردسات نیوز
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١
"سەڵاحەدین دەمیرتاش" ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" سەبارەت بە ڕووداوی تەقەکردن و سوتاندنی بارەگای ناوەندی ھەدەپە لە ئیزمیر و کوژرانی ئەندامێکیان لە ناو بارەگاکە ڕایگەیاند، ئازاری بەرخۆدانیان زۆر گەورەیە و ئەوان ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەناسن و دەزانن ئامانجیان چییە و ناکەونە بەر ھێرشی ئەوان و ھەرگیز دەست لە خەباتی دیموکراسی و ئاشتیخوازانە ھەڵناگرن.
جەختیشیکردووەتەوە، حسابی ھەموو ئەو کارانە لە بەردەم یاسادا دەکەن و خوازیارن ھەمووان پێکەوە کۆمەڵگەیەکی ئاشتی و ئازاد مسۆگەر بکەن.
ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، لەلایەن چەکدارێکەوە ھێرشکرایە سەر بارەگای ناوەندی ھەدەپە لە شاری ئیزمیر، بەھۆیەوە ئەندامێکی ئەو حزبە بە ناوی دەنیز پۆیزار کوژرا.