رافایل گروسی بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی وزەی نێودەوڵەتی ئەتۆم رایگەیاند، پێویستە ھەوڵەکانی بوژانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ چاوەڕێی پێکھێنانی حکومەتی نوێی ئێران بکات، چونکە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی ھەموو لایەنەکانە. "رافایل گروسی" بە دووریشی زانی تا مانگی ئاب رێککەوتن بێتە ئاراوە، وتیشی، لە دانوستانەکانی "ڤییەنا" چەندین بابەتی تەکنیکی و ھەستیار باس کراون.

ویلایەتی ئێستای "حەسەن روحانی" سەرۆکی ئێران لە ٣ی ئابی داھاتوو کۆتایی دێت و چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی نوێ لە ناوەڕاستی مانگی ئاب پێکبھێندرێت، تا ئێستاش ٦ خولی دانوستانەکانی "ڤییەنا" لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجامدراوە و ھیچ رێککەوتنێک رانەگەیەندراوە.