وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باسی فرۆشتنی نەخۆشخانەیەکی حکومییان دەکرد لە ھەولێر رونکردنەوەیکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھیچ نەخۆشخانەیەک نەک لە ھەولێر، بگرە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان نەفرۆشراوە، ھەواڵی فرۆشتنی نەخۆشخانە رەتدەکەنەوە و دوورە لە راستییەوە.
لە بەرامبەردا عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، بەبەڵگە بڵاویکردوەتەوە، نەخۆشخانەی ٣٣٠ قەرەوێڵەی ھەولێر، بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران فرۆشراوەتە کۆمپانیای ماجیک پاوەر بە قیستی ٢٠ ساڵ.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، چوار ساڵە لە رێگای داواکاری گشتیەوە بەڵگەکانی داوەبەدادگا، بەڵام دادگار کاری لەسەر نەکردووە.
وتیشی، "وەزارەتی تەندروستی رونکردنەوەی داوە کە ئەو نەخۆشخانەیە نەفرۆشراوە، ئەگەر نەفرۆشراوە فەرموو با وەری بگرنەوە و تەواوی بکەن ".
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لەرووداوێکی تەقەکردن دا لە کۆمەلگای چڕەی سەر بەقەزای شێخان، لەسەر کێشەی زەوی شەر لە نێوان، خاوەن موڵک و جوتیاراندا دروست بووە، بەوھۆیەشەوە دوو جوتیار کە کوڕ و باوکن برینداربوون، دواتر بەھۆی سەختی برینەکەیەوە باوکەکە گیانیلەدەستدا.
ھاوکات ھێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دھۆک رایگەیاند، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیسی قەزای شێخان گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە، رەوشەکە کۆنتڕۆڵکراوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران دەرکراوە.
وەزارەتی بازرگانی ھەرێم رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پارەی بەشەخۆراک بڵاوکردەوە رایگەیاند، بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە ٢٣/١٠/٢٠٢٢ رێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتی بازرگانی عێراق و ھەرێم ئیمزاکراوە، کە تەواوی داھاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و داھاتی سەبەتەی خۆراک دراوە بە وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و بارکردن و داگرتن لە تەواوی شارەکانی ھەرێم و پاداشتی فەرمانبەران و دابینکردنی پێداویستی فەرمانگەکان دەگرێتە ئەستۆ.
ھەروەھا، مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و ٤٨ ھەزار دینار وەک داھاتی سەبەتەی خۆراک دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ، ئەوانیش بۆ گواستنەوە و داگرتن و بارکردنی خۆراک لە کۆگاکان و پاداشتی فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتییەکان و دیوانی وەزارەتی خەرجدەکەن.
لە ئێستاشدا بۆ دەرخستنی راستیەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی بەدواداچون پێکھێنراوە، ھەروەھا داوای یاسایی لەسەر ئەو کەس و لایەن و رۆژنامەنوس تۆمار دەکەن کە بەمەبەست رایگشتییان بە لاڕێدا برد ھەواڵی بێ بنەمایان لە سەر وەزارەت دروستکرد.
ئەو رونکردنەوەیە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر نوسراوێکی وەزارەتی بازرگانی بڵاوکرایەوە لەبارەی دابەشکردنی پارەی سەبەتی خۆراک دابەشکراوە بەسەر وەزیر و بریکار و بەرێوەبەرە گشتییەکان و فەرمانبەرانی ناو دیوانی وەزارەت.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان رەزامەندی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم وەرگیراوە و دوای ھەمواری یاسای بودجە کاری لەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی خوێندن لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی باش دەستیپێکردوەتەوە، سوپاسی ئەو مامۆستایانەش دەکات گەڕاونەتەوە ھۆڵەکانی خوێندن.
عەلی فرات، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفیزیۆندا باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکات دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئاداری ئەمساڵدا، قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و ھەمواری دەستور لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڕێوەچوونی ژمارەیەک دیدار لە تورکیا و پێداگریی و سەرنجی گەورەی ئاکپارتی لەسەر بردنەوەی شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئاماژەی ئەوەن دوای ھەڵبژاردن دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و دەستورێکی نوێ.
پەیوەست بەم بابەتەش سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشوتری ھەدەپە لە دوایین پەیامیدا رایگەیاندبوو، لەپێناو دیموکراسیدا پێویستە کۆبونەوەکانی دەم پارتی لەگەڵ ئاکپاتی و جەھەپە بەردەوام بن.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان....
لە پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، پیرۆزباییەکی گەرم لە مەڵبەندی گشتی یەکێتیی نووسەرانی کورد و گشت نوسەر و ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کوردستان دەکەم، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
ھیوادارم مەڵبەندی یەکێتی نووسەرانی کورد پێگەیەک بێت بۆ بەرەوپێشچوونی گیانی نیشتیمانپەروەری و پێگەیاندنی نووسەری ڕاستەقینە و بە ئەزموون لەپێناو داکۆکیکردن لە زمان و ناسنامە و کلتوری جوانی کوردستان و دەوڵەمەندکردنی فەرھەنگی نوێی کوردی.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەھیدانەی لە ڕێگای قەڵەمە بوێر و نووسینەکانیان گیانیان پێشکەش بە کوردستان کرد، چونکە ئێمە گەلێکین لەپێناو داکۆکی لە خەباتی پڕ سەروەری و شۆرشگێری و ئازادی و مافی گەلی کورددا خوێنی دەیان کەسانی ڕۆشنبیر و ئەدیب و قەڵەم بە دەستی بوێرمان لە دەست داوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٢/١٠
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بایکۆتکردنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەلایەن بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانەوە لایەنە شیعەکانی توڕەکردووە و ھەڕەشەی ئەوەیان کردووە لە ھەمواری یاسای بودجەدا دژی کورد ھەڵوێستیان دەبێت.
دەشڵێت، بەشدارینەکردنی سوننەکانیش گرفت بۆ پێدانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن بە ئەوان دروست دەکات.
دەشڵێت، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو یاداشتێکیان پێشکەشکردوە و تیایدا ھاتووە، ئەوەی ئێستا لەعێراق رودەدات شەڕێکی رانەگەیەندراوە و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان ھێنراونەتە عێراق و ھەرێمەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران و تورکیا بە موشەک ھێرشدەکەنە سەر فڕۆکەخانەی مەدەنی و کشتوکاڵی و پێویستە عێراق پارێزگاری لە سەروەری خۆی بکات و رێککەوتنی نوێ لەگەڵ ھاوپەیمانان بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردسات نیوز سەعات ١١:٠٠ـی پێشنیوەڕۆی سبەی یەکشەممە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە دەباشان کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی یاسایی و کاروباری حکومەت تاوتوێ دەکرێن.
ھەر بەپێی زانیارییەکان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی حکومەتە خۆجێیەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقیش لە تەوەری تری کۆبوونەوەکە دەبن.
لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و گۆڕان، ھەردوو حزبەکە ھاوڕابوون کە ھەوڵەکان چڕ بکرێنەوە تا کێشەی ژیانی ھاووڵاتییان و نەبوونی مووچە و کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد چارەسەر بکرێن، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، وەفدی ھەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری(پێنتاگۆن)کۆبونەتەوە، بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی دوا پەرەسەندنەکان و برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە کۆبوونەوەکاندا پرسی وزە و گرنگیی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغداد و رەوشی پێکھاتەکان و ئازادیی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھەماھەنگییەکی باش لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی ھەبووە، پارەی حاجیانی ئەمساڵ بە دینار عێراقی وەردەگیرێت لەسەر بنەمای ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٣٢ ھەزار دینار.
راشیگەیاندوە، تێچووی حەجی حاجیانی ھەرێم، ھەمان تێچووی حاجیانی عێراقە کە بۆ گەشتی ئاسمانی شەش ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار دینار بۆ گەشتی وشکانی بە پاس پێنج ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دینارە.
بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە نووسینگەکانی حەج و عومڕەی راسپاردوە، لە رۆژی یەکشەممە دەست بە وەرگرتنی پارەی حاجیان بکەن کە پڕۆسەکە ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام دەبێت و لە ١٨ی ئەم مانگە کۆتایی دێت، ھەر کەسێکیش لەو ماوەیەدا پارەی حەج نەدات مافی حەجکردنی نامێنتێت.
لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوادا، سیروان رۆژبەیانی کاندیدی پارتی بە جێگری یەکەم و عومەر مەولا بە جێگری دووەمی پارێزگاری نەینەوا ھەڵبژێردران.
ھەفتەی رابردوو یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەچوو، کە تیایدا سەرۆکی ئەنجومەن لە عەرەبی شیعە و جێگری سەرۆک لە عەرەبی سوننە ھەڵبژێردران، لەگەڵ دەنگدان بۆ عەبدولقادر دەخیل وەکو پارێزگار، کە چەند مانگێکە بە کاتی لەو پۆستەدایە.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی خاتوو سەبیحە یونس ئەحمەد
بە خەمێکی قووڵەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (سەبیحە یونس ئەحمەد) ژنە تێکۆشەر و دایکی شەھید ھاشم جیھاز، شەھید عەقید بەکر، شەھید نەقیب کامەران، شەھید سەفین)مان پێگەیشت ،
پرسە و ھاوخەمیی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵان لە خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان.
لەخوای گەورە داواکارین کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری و ئارامی بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکیـَتی نیشتیمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکیـَتی نیشتیمانی کوردستان و تیمی یەکێتی لە ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەر کردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن و سەرۆک بافڵ لە تەواوی سەردانەکانی بۆ بەغداد پرسی بودجە و موچە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق کردوەتە تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکان.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو خاتوو سەبیحە یونس
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (سەبیحە یونس ئەحمەد)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو خانمێکی کوردپەروەر و خانەوادەکەشی نیشتمانپەروەر و قوربانیدەر بوون بۆ شۆڕش، و دایکی شەھیدان (ھاشم جیھاز، عەقید بەکر، نەقیب کامەران، سەفین)، کۆچکردنی جێگای داخی ھەمووانە.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادە تێکۆشەرەکەتان دەکەم، خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە کە دەکاتە ١١ی ئەم مانگە دادگاکە لەسەر چوار سکاڵای جیاواز کۆدەبێتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بەو سکاڵایەی کە زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە کە تیایدا داواکراوە ماددەکانی (١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نادەستوری دابنرێت کە تایبەتن بە بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان.
دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی کە لەسەر ئەو پرسە بەڕێوەچوو، رۆژی ٤ی ئەم مانگە بوو، بەڵام دانیشتنەکە بۆ رۆژی ١١ی ئەم مانگە دواخرا بەھۆی ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی داوای لە کۆمیسیۆن کرد زانیاری لەسەر ژمارەی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ بنێرێت.
پێشتریش چەندجارێک دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکەوە دواخستووە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنەکەی ١١ی ئەم مانگدا بە یەکجاری بڕیاردان لەبارەی ئەو پرسەوە یەکلایی بکاتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لەچەند رۆژی رابردوودا ھێزە ئەمنییەکانی ئێران ژمارەیەک کۆڵبەریان دەستبەسەرکردووە و لە مەودای چەند مەترێکەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێیان کردوون و بەو ھۆیەشەوە دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی یوسف مەھابادی، تەمەن ٢٦ ساڵ و فەرزاد کە ھەردووکیان خەڵکی شاری مەھابادن بەسەختی بریندار بوون.
ھەروەھا رۆژی دووشەممەش کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی شاری سەقز بە ناوی نیزام تەیموری، بە تەقەی ھێزە ئەکنییەکان بەسەختی بریندار بووە.
ھاوکات ڕۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە سنووری ھەنگەژاڵی بانە دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سۆران ڕەحیمی تەمەن ١٩ ساڵ کە خەڵکی شاری سەقزە و ئەیووب مەحمودی تەمەن ٣٥ ساڵ کە خەڵکی شاری بانەیە، بریندار بوون.