بەپێی نوسراوێکی ھۆبەی چاودێری و ئاڵوگۆڕی دراو و شتومەکی ئاسایشی سلێمانی، پێنج بریاری نوێ بۆ بازاری ئالوگۆڕی دراو دەرکراوە، کە بەپێی بریارەکان لەمەودوا نابێت جیاوازی بکرێت لەنێوان دۆلاری چاپی کۆن و نوێ، کاتێک دراو وەرناگیرێت کە (ساختە، دڕاو و تەواو ژاکاو) بێت، ھەروەھا لەکاتی وەرگرتنی حەواڵە داوای کەفیل نەکرێت و بدرێت بەو کەسەی کە بەناویەوە ھاتوە یاخود بریکارنامەی ئەو کەسەی پێ بێت کە بەناویەوە ھاتوە.
ھەربەپێی بریارەکان، دەبێـت ئەو کەسەی حەواڵە وەردەگرێت پێناسی پێ بێت، مامەڵەکردنیش راستەوخۆ و روبەڕو دەبێت و مامەڵەکردن بەدراوی ئەلیکترۆنی بەھەموو شێوەیەک رێگەپێنەدراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، لە دەوروبەری سەعات ١ی شەوی ڕابردوو، تۆمەتبارێکی داواکراو بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی تەقەی بەسەر یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ کردبوو، دەستبەجێ تیمەکانیان لەنزیک ڕووداوەکە توانییان تۆمەتبار دەستگیر بکەن.
بەوتەی پۆلیسی زاخۆ، تۆمەتبارەکە لەکاتی دەستگیرکردنیدا سێ نارنجۆک و چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچەیەکی پێ بووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەوتەی پۆلیس، لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئەو تۆمەتبارە دوو جار بە شێوەی ھەڕەمەکی و بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت تەقەی کردبوو.
دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دێرین ئەحمەد لەلایەن دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەرچوو، ئەمڕۆ ھێزێکی ئاسایش دەستیان کرد بە ڕووخاندن و تێکدانی ئەو ماڵ و خانووانەی کە تۆمەتبار بە زێدەڕەویی دروستی کردبوون.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەتۆمەتی داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و ھەڕەشە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی.
ھەروەھا دادوەر بڕیاریداوە دەست بگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە فەرمانی دێرین ئەحمەد تەقە لە ھاوڵاتی "ئەحمەد کامیل فەقێ" سەرمایەدار کراو بریندارکرا.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە ھەرێم کاردەکەن بەدیھاتووە، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتیش، بەندە بە دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کارەکانیان لە ھەرێم راگیراوە، بە ئاڕاستەیەکی باش دەڕوات، بەمنزیکانە لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەگەنە رێککەوتن.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٢٥ی ئاداری ساڵی رابردوەوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان راگیراوە.
بەپێی نوێترین راپۆرتی وێب ئۆف ساینس زانکۆی سلێمانی لە ریزبەندیی سایتەیشندا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستھێناوە.
ریزبەندییەکە پشتبەستە بە ژمارەی سایتەیشنی (٢٠٠٨) توێژینەوەی مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی کە لەنێوان ساڵانی (٢٠١٩ – ٢٠٢٣)دا بڵاوکراونەتەوە و تێیدا ٢٥ ھەزار و ٩٥٩ سایتەیشنیان وەرگرتوو.
لە ریزبەندی وێب ئۆف ساینسدا، زانکۆی بەغداد پلەی یەکەمی عێراقی گرتووەو ٣٤ ھەزار و ٩٢٦ ساتەیشنیان وەرگرتووە، ھەر بەپێی ئەو ریزبەندیە زانکۆ سەڵاحەدین چوارەمی عێراق و دووەمی ھەرێمە.
دارای حاجی ئیبراھیمی چەرمەگا، کەسایەتی عوزێری لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردووە رایگەیاندووە، دەستخۆشی لەھەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە کۆتایی بە سەرانە وەرگرتن و دەربەگایەتی بھێنێت بێت.
دەشڵێت، ھەر لەسەرتاوە ئەوان دژی دروستکردنی ھەر قەڵا و دیوەخانێک بوون کە بخزێندرێتە پاڵ ناوی ھەر حزب و کەسایەتیەکی باڵاوە بەتایبەت عەشیرەتێک کە خاوەنی قوربانی و سەدان شەھید و داستان و خەباتە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرکەسێک لەیاسا دەرچووە پێویستە لەرێگەی یاساوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەوان پشتیوان دەبن.
وتیشی، ئەو قەڵایەی دروستکراوە باخێکی گەنجێکی عوزێر بووە نەک ھی عەشیرەتی عوزێری و داواکارن ناو و ناوبانگی باوباپیرانیان و خۆمان بپارێزن.
دیلان غەفور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و سازشی لەسەر ناکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بۆ ھەموو لایەکی روندەکەنەوە، بەپێی یاسا پێویستە ئەو کەسەی پۆستی پارێزگار وەردەگرێت، تەمەنی لە ٦٠ ساڵ زیاتر نەبێت، بەپێی ئەو یاسایەش راکان جبوری بۆی نییە ببێتەوە بە پارێزگاری کەرکوک.
د. دیندار زێباری لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، حکومەتی ھەرێم لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١، پلانی ھەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ٢٠٢١ تا ٢٠٢٥ پەسەند کردووە، پلانەکەش بە بەشداری و ڕاوێژکردن بە دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و یۆنامی و وەزارەتەکان و کۆمەڵگای مەدەنی بووە و پلانەکەش لە (٢٧) بەش پێکدێت.
وتیشی، ئامانجی پلانەکە گونجاندنی یاسا و بڕیارە بەرکارەکانی حکومەتی ھەرێمە لەگەڵ رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٢٥٪ زیادیکردووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە حکومەتی ھەرێم وێڕای ئاڵنگاری و بەربەستەکان ھەنگاوی زۆری ناوە لە بارەی جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان.
مەکتەب سیاسی بزوتنەوی رزگاری دیموکراتی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، لە دوای ھەڵبژاردن و دەست بەکاربوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەک سەرۆکی یەکێتی چەندین ھەنگاو و بڕیار داوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بەرقەراربوون و ئاسودەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
دەشڵێت، ئەوان وەکو بزورتنەوەی رزگاری دیموکراتی کوردستان پشتیوانی لە بڕیارەکانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەن و بە ھەنگاوێکی مێژووی ناودەنێن و بە خزمەتی خەڵکی کوردستانی دەزانن.
بزوتنەوەی رزگاری وتیشی، ھیوادارن سەروەری یاسا بەرقەراربێت دوور لە دەست تێوەردان و بەرژەوەندی ھیچ لانێک و داوا لە لایەن سیاسیەکان و خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەن پشتیوانی و ھاوکاری سەرۆکی یەکێتی بن لە پێناوی بەدیھێنانی مافە زەوتکراوە.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە دەستدرێژیکردنە سەر بازرگانێک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەماوەکانی رابردودا بازرگانێکی شاری سلێمانی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەشێوەیەکی نایاسایی و دوور لە ھەموو بەھایەکی کۆمەڵایەتی دەستدرێژی کرایە سەرو بەسەختی بریندارکرا، ژووری بازرگانی ئیدانەی ئەو رووداوە دەکات، بەئەرکی خۆشیانی دەزانن بەرگری لەھەموو مافەکانی بازرگانان و پیشەوەران و وەبەرھێنەران بکات بێ جیاوازی.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بڕیاری دادگا کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردووە، بەرزدەنرخێنن کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە داکۆکیان لەو دۆسیە ھەستیارە کردووە بۆچەسپاندنی سەروەری یاسا.
لە کۆتایشدا ژووری بازرگانی دەستخۆشی لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەکات، بۆ پاڵپشتیکردنیان بۆ باڵا دەستبوون و سەروەری یاسا.
وەزارەتی بازرگانی ھەرێم رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پارەی بەشەخۆراک بڵاوکردەوە رایگەیاند، بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە ٢٣/١٠/٢٠٢٢ رێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتی بازرگانی عێراق و ھەرێم ئیمزاکراوە، کە تەواوی داھاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و داھاتی سەبەتەی خۆراک دراوە بە وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و بارکردن و داگرتن لە تەواوی شارەکانی ھەرێم و پاداشتی فەرمانبەران و دابینکردنی پێداویستی فەرمانگەکان دەگرێتە ئەستۆ.
ھەروەھا، مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و ٤٨ ھەزار دینار وەک داھاتی سەبەتەی خۆراک دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ، ئەوانیش بۆ گواستنەوە و داگرتن و بارکردنی خۆراک لە کۆگاکان و پاداشتی فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتییەکان و دیوانی وەزارەتی خەرجدەکەن.
لە ئێستاشدا بۆ دەرخستنی راستیەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی بەدواداچون پێکھێنراوە، ھەروەھا داوای یاسایی لەسەر ئەو کەس و لایەن و رۆژنامەنوس تۆمار دەکەن کە بەمەبەست رایگشتییان بە لاڕێدا برد ھەواڵی بێ بنەمایان لە سەر وەزارەت دروستکرد.
ئەو رونکردنەوەیە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر نوسراوێکی وەزارەتی بازرگانی بڵاوکرایەوە لەبارەی دابەشکردنی پارەی سەبەتی خۆراک دابەشکراوە بەسەر وەزیر و بریکار و بەرێوەبەرە گشتییەکان و فەرمانبەرانی ناو دیوانی وەزارەت.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان رەزامەندی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم وەرگیراوە و دوای ھەمواری یاسای بودجە کاری لەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی خوێندن لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی باش دەستیپێکردوەتەوە، سوپاسی ئەو مامۆستایانەش دەکات گەڕاونەتەوە ھۆڵەکانی خوێندن.
عەلی فرات، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفیزیۆندا باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکات دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئاداری ئەمساڵدا، قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و ھەمواری دەستور لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڕێوەچوونی ژمارەیەک دیدار لە تورکیا و پێداگریی و سەرنجی گەورەی ئاکپارتی لەسەر بردنەوەی شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئاماژەی ئەوەن دوای ھەڵبژاردن دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و دەستورێکی نوێ.
پەیوەست بەم بابەتەش سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشوتری ھەدەپە لە دوایین پەیامیدا رایگەیاندبوو، لەپێناو دیموکراسیدا پێویستە کۆبونەوەکانی دەم پارتی لەگەڵ ئاکپاتی و جەھەپە بەردەوام بن.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان....
لە پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، پیرۆزباییەکی گەرم لە مەڵبەندی گشتی یەکێتیی نووسەرانی کورد و گشت نوسەر و ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کوردستان دەکەم، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
ھیوادارم مەڵبەندی یەکێتی نووسەرانی کورد پێگەیەک بێت بۆ بەرەوپێشچوونی گیانی نیشتیمانپەروەری و پێگەیاندنی نووسەری ڕاستەقینە و بە ئەزموون لەپێناو داکۆکیکردن لە زمان و ناسنامە و کلتوری جوانی کوردستان و دەوڵەمەندکردنی فەرھەنگی نوێی کوردی.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەھیدانەی لە ڕێگای قەڵەمە بوێر و نووسینەکانیان گیانیان پێشکەش بە کوردستان کرد، چونکە ئێمە گەلێکین لەپێناو داکۆکی لە خەباتی پڕ سەروەری و شۆرشگێری و ئازادی و مافی گەلی کورددا خوێنی دەیان کەسانی ڕۆشنبیر و ئەدیب و قەڵەم بە دەستی بوێرمان لە دەست داوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٢/١٠
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بایکۆتکردنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەلایەن بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانەوە لایەنە شیعەکانی توڕەکردووە و ھەڕەشەی ئەوەیان کردووە لە ھەمواری یاسای بودجەدا دژی کورد ھەڵوێستیان دەبێت.
دەشڵێت، بەشدارینەکردنی سوننەکانیش گرفت بۆ پێدانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن بە ئەوان دروست دەکات.
دەشڵێت، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو یاداشتێکیان پێشکەشکردوە و تیایدا ھاتووە، ئەوەی ئێستا لەعێراق رودەدات شەڕێکی رانەگەیەندراوە و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان ھێنراونەتە عێراق و ھەرێمەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران و تورکیا بە موشەک ھێرشدەکەنە سەر فڕۆکەخانەی مەدەنی و کشتوکاڵی و پێویستە عێراق پارێزگاری لە سەروەری خۆی بکات و رێککەوتنی نوێ لەگەڵ ھاوپەیمانان بکرێت.